ناوهڕۆك
نوێژکردن بە جەماعەت
جەماعەت ئەوەیە جموجۆڵی نوێژەکەی خۆی ببەستێ بە جموجۆڵی نوێژەکەی یەکێکی تر، کە پێی ئەگوترێ: (ئیمام)، واتە: پێشنوێژ.
نوێژکردن بە جەماعەت لەهەر پێنج فەرزەکاندا، سوننەتیکی زۆر گەورەیە (عن عبدالله بن عمر رضي الله عنهما أن رسول الله صلى الله عليه وسلم قال: صلاة الجماعة أفضلُ مِن صلاة الفذِّ بسبعٍ وعشرين درجةً) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: نوێژکردنی بە جەماعەت گەورەترە لە نوێژکردنی بە تەنهایی بە بیست و حەوت پلە.
تایبەتمەندی و ڕێكارەكانی
جا بزانە: لە هەر شوێنێک -کە کۆمەڵە خەڵکێکی لێیە- ئەبێ جەماعەت بە ئاشکرایی بکرێ بۆ ئەوەی خەڵک پێی بزانێ و بچێتە جەماعەت لەهەر پێنج فەرزەکاندا، هەرچەند هەموو خەڵکیش بەشداری ناکات، چونکە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (ما من ثلاثةٍ فى قريةٍ ولا بدوٍ لا تقامُ فيهمُ الصَّلاةُ إلَّا قدِ استحوذَ عليْهمُ الشَّيطانُ) رواه النسائی، لە هەر هۆبە و ڕەشماڵێک و لە هەر لادێیەک سێ پیاوی لێ بوون و نوێژیان بە جەماعەت نەکرد، شەیتان خۆیان بەسەردا ئەسەپێنێ و گومڕایان ئەکات.
واجبە لەسەر مەئموم، واتە: ئەو کەسەی لەدوای ئیمام نوێژ ئەکات، ئەبێ نیەتی جەماعەت بێنێ لەگەڵ (الله أکبر)ـی نوێژ دابەستندا، واتە: بە دڵ بڵێ: (ئەم نوێژە بە جەماعەت دەکەم). یان بڵێ: (لە دوای ئەم ئیمامە نوێژ ئەکەم). جا ئەگەر نیەتی جەماعەت نەهێنێ جەماعەتەکەی دروست نییە.
بەڵام ئیمام لەسەری واجب نییە نیەتی جەماعەت، یان ئیمامەتی بهێنێ، بەڵکو سوننەتە نیەتی ئیمامەتی بێنێ تاکو خێری جەماعەتی بگاتێ، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (أنما الأعمال بانیات) رواه الشیخان، هەر کردەوەیەکی خواپەرستی بێ، بە نیازی ناو دڵ نەبی دانامەزرێ.
ئەگەر یەکێک بە تەنهایی نوێژی دابەستبوو، ئینجا یەکێکی تر هات نوێژی لەدوا بەست، ئەوە دروستە، با ئیمامەکەش لەو کاتدا نیەتی ئیمامەتی بە دڵ بێنێ.
واجبە لەسەر ئیمامی جومعە نیەتی ئیمامەتی بێنێ، ئەگینا جومعەکەی دروست نییە، هەروەها دروستە مرۆڤی ئازاد جەماعەت بکات لە دوای کۆیلە (فەتوای سەردەمی پێشوو و ئێستا تەنیا بۆ زانیارییە).
هەروەها دروستە مرۆڤی باڵغ بوو -واتە: پێگەیشتوو- جەماعەت بکات لە دوای منداڵێک کە چاکە و خراپە لێک جیا بکاتەوە (کان عمرو بن سلمي یؤم قومه علی عهد رسول الله ﷺ وهو ابن ست أو سبع) رواه البخاری، (عەمر)ـی کوڕی (سەلەمە) پێشنوێژی بۆ گەلەکەی خۆی ئەکرد -لە سەردەمی پێغەمبەر ﷺ- تەمەنی شەش، یان حەفت ساڵان ئەبوو.
هەروەها دروستە مرۆڤی کوێر ببێتە ئیمام (عن أنس رضي الله عنه: أستخلف النبی -صلي الله علیه وسلم- ابن أم مکتوم -رضي الله عنهما- یؤم الناس وهو أعمی) رواه أبوداود، پێغەمبەر ﷺ (عبدالله)ـی کوڕی (أم مکتوم)ـی لە جێی خۆی بەجێهێشت بۆ ئەوەی پێشنوێژی بۆ خەڵکی (مەدینە) بکات، ئەو (عبدالله)ـیە کوێر بوو.
هەروەها دروستە لە دوای پیاوی گوناهبار و فاسق جەماعەت بکرێت (کان ابن عمر -رضي الله عنهما: یصلی خلف الحجاج) رواه البخاری، (ابن عمر) نوێژی لەدوای (حجاج)ـی سەقەفی ئەکرد لەگەڵ ئەوەش زۆر گوناهبار بوو.
دروست نییە پیاو لە دوای ئافرەت جەماعەت بکات.
هەروەها دروست نییە کەسێک کە فاتیحەی ڕەوان بێت، جەماعەت بکات لە دوای کەسێک کە فاتیحەی ناڕەوان بێ، وەک پیتێک بە پیتێکی تر بگۆڕێ، وەک بڵێ: (أنحمت) لە جیاتی (أنعمت)، یان بڵێ: (سرات الزین) لە جیاتی (صراط الذین)، یان جووتە پیتەکان نەگرێ، ئەو جۆرە کەسانە پێشنوێژییان دروست نییە.
(عن أبي مسعود الأنصاري رضي الله عنه أن النبي صلى الله عليه وسلم قال: يَؤُمُّ الْقَوْمَ أَقْرَؤُهُمْ لِكِتَابِ اللَّهِ، فَإِنْ كَانُوا فِي الْقِرَاءَةِ سَوَاءً فَأَعْلَمُهُمْ بِالسُّنَّةِ، فَإِنْ كَانُوا فِي السُّنَّةِ سَوَاءً فَأَقْدَمُهُمْ هِجْرَةً، فَإِنْ كَانُوا فِي الْهِجْرَةِ سَوَاءً فَأَقْدَمُهُمْ سِلْمًا وفي رواية فَأَكْبَرُهُمْ سِنًّا ، وَلَا يَؤُمَّنَّ الرَّجُلُ الرَّجُلَ فِي سُلْطَانِهِ، وَلَا يَقْعُدْ فِي بَيْتِهِ عَلَى تَكْرِمَتِهِ إِلَّا بِإِذْنِهِ) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: با ئەو کەسە پێشنوێژی بۆ موسوڵمانان بکات، کە شەرعزانتر بێ و زیاتر قورئانی خوێندبێ، ئینجا ئەو کەسەی زیاتر شارەزای شەرع و حەدیس بێ، ئینجا ئەو کەسەی زووتر کۆچی کردبێ، ئینجا بەتەمنتر بێ، نابێ مرۆڤ لە شوێنی دەسەڵاتی پیاوێکی تردا پێشنوێژی بۆ ئەو بکات بەبی ئیزنی ئەو، نابێ مرۆڤ لە ماڵی یەکێکی تردا لەسەر جێگەی خاوەن ماڵ دانیشێ بەبێ ئیزنی ئەو.
کەواتە خاوەن ماڵ و ئیمامی مزگەوت لەپێشترن بۆ پێشنوێژی کردن، هەرچەند خوێندەواریشیان کەم بێ، بەلام ئەگەر ئەوان یەکێکی تریان دیاری کرد بۆ پێشنوێژی کردن، ئەویان لەپێشترە.
هەروەها دروست نییە جەماعەت کردن لەدوای کەسێک، کە بزانێ دەستنوێژی نییە، یان شتێکی پیسی پێوەیە، یان تەیەممومیکی وای کردووە کە دووبارەکردنەوەی نوێژی لە سەر بێ، بەڵام ئەگەر پیسییەکەی پێوە دیار نەبوو، یان نەیئەزانی بێ دەستنوێژە و لە دوای نوێژ ئاشکرا بوو، ئەوە نوێژەکە دروستە و دووبارەکردنەوەی ناوێ.
لەهەر شوێنێک کە مەئموم نوێژ بکات لە ناو مزگەوتدا لە دوای ئیمامێک کە ئەویش هەر لە مزگەوتدا بێت، مەئمومەکەش ئاگادار بوو لە هەڵسان و دانیشتنی ئیمامەکە، جەماعەتەکەی دروستە، هەر چەند مزگەوتەکەیش زۆر گەورە بێت و هەر چەند لێشی دوور بێ، یان یەکیکیان لەوی تر بەرزتر بێ، یان پەردە لەنێوانیان هەبێ، بەو مەرجەی لە شوێنی نوێژکردن بە پێش ئیمامەکەی نەکەوێ.
کەوابوو: سوننەتە لای کەمی بە پاژنەی قاچی لە ئیمام بەدواوەتر بێ و لە لای ڕاستەی ئیمام نوێژ داببەستێ، جا ئەگەر یەکێکی تریش هات، با لەلای چەپەی دایببەستێ، ئینجا هەردوکیان دەکشێنەوە دواوە، یان ئیمام ئەڕواتە پێشەوە، بۆ ئەوەی ببن بە یەک سەف، چونکە سوننەتە مەئمومەکان شان بە شانی یەکتری بدەن و کەلێن لە نێوانیاندا نەبێ (عن أنس رضي الله عنه: قال النبی صلی الله علیه وسلم: أقیموا صفوفکم، وکان أحدنا یزلق منکبه بمنکب صاحبه وقدمه بقدمه) رواه البخاری، لە کاتی نوێژدابەستن پێغەمبەر ﷺ ئەیفەرموو: ڕیزتان ڕاست بکەن، ئینجا هەریەکێک لە ئێمە شانی بە شانی ئەوی ترەوە ئەلکاند و قاچی بە قاچیەوە ئەلکاند.
هەروەها سوننەتە منداڵان لەدوای سەفی پیاوان نوێژ داببەستن ئەگەر بە یەکەوە هاتبوون بۆ مزگەوت، بەڵام ئەگەر منداڵەکان زووتر هاتبوون و لە سەفی یەکەم شوێنی خۆیان گرتبوو، نابێ دوا بخرێن، هەروەها ئەبێ ئافرەتان لە دوای منداڵان بووەستن (عن أنس رضي الله عنه: صَلَّى النبيُّ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ فَقُمْتُ ويَتِيمٌ خَلْفَهُ، وأُمّ سُلَيْمٍ خَلْفَنَا) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ نوێژی کرد، من و منداڵێکی هەتیو لە دوای پێغەمبەر ﷺ وەستاین و (أم سلیم) -کە دایکم بوو- لە دوای ئێمە ڕاوەستان و نوێژیان دابەست.
ئەگەر ئیمام پێشنوێژی لەناو مزگەوتدا ئەکرد، مەئمومیش لە دەرەوەی مزگەوت نوێژی لە دوای ئەو ئیمامە ئەکرد، لێشی نزیک بوو، واتە: لە سی سەد گەز زیاتر دوور نەبوو، مەئمومەکەش ئاگادار بوو لە هەڵسان و دانیشتنی ئیمام پەردەشیان لە نێواندا نەبوو، لەوێ نوێژەکە دروستە.
جا بزانە: لە هەموو جۆرە جەماعەتێکدا ئەبی مەئمووم ئاگادار بێ لە جموجۆڵی ئیمامەکەی، وە نابێ پێش ئیمام نوێژ داببەستێ و، واجبە هەموو کردەوەکانی نوێژ دوابەدوای ئیمام بکات (عن أنس رضي الله عنه: قال النبی صلي الله علیه وسلم: أَيُّهَا النَّاسُ إِنِّي إِمَامُكُمْ فَلاَ تَسْبِقُونِي بِالرُّكُوعِ وَلاَ بِالسُّجُودِ وَلاَ بِالْقِيَامِ وَلاَ بِالاِنْصِرَافِ) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەی خەڵکینە من پێشنوێژی ئێوەمە، پێش من ڕوکووع و سوجدە مەبەن و پێش من هەڵمەستنەوە و پێش من سەلام مەدەنەوە.
(پاشکۆ): ئەگەر کەسێک بە تەنهایی نوێژی کردبوو، ئینجا جەماعەتی بۆ ڕێک کەوت، سوننەتە بە جەماعەت دووبارەی بکاتەوە، هەروەها دروستە نوێژدابەستن لەدوای کەسێک کە جۆرە نوێژێکی تر ئەکات، هەر چەند نوێژەکەیشی سوننەت بێت، وەک: دابەستنی نوێژی نیوەڕۆ لە دوای ئیمامێک کە نوێژی بەیانی، یان مەغریب، یان تەڕاویح ئەکات.
(ئاگاداری): ئەگەر مەئمووم درەنگ گەیشت بە جەماعەت، با نوێژ داببەستێ و بە گوێرەی نوێژی ئیمام نوێژ بکات، ئینجا کە ئیمام سەلامی دایەوە، با هەڵبستێ نوێژەکەی خۆی تەواو بکات (عن أبی قتادة رضي الله عنهما: قال انبی صلي الله علیه وسلم: إذَا أتَيْتُمُ الصَّلَاةَ فَعلَيْكُم بالسَّكِينَةِ، فَما أدْرَكْتُمْ فَصَلُّوا وما فَاتَكُمْ فأتِمُّوا) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کاتێ دێنە نوێژکردن بە هێواشی و بە بەڕێزانە وەرن، ئەوەندەی لەگەڵ ئیمام فریا کەوتن بیکەن، ئەوەی ماوە -لە پاش سەلام دانەوەی ئیمام- هەڵسن تەواوی بکەن.
جا ئەگەر مەئموم فریاکەوت ڕوکووع بە تەواوی لەگەڵ ئیمام ببا، ئەوە بۆی بە بەر فاتیحە ئەکەوێ و ڕەکعەتەکەی هەموو دروستە، پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (إِذَا جِئْتُمْ إِلَى الصَّلاةِ وَنَحْنُ سُجُودٌ فَاسْجُدُوا وَلا تَعُدُّوهَا شَيْئًا , وَمَنْ أَدْرَكَ الرَّكْعَةَ فَقَدْ أَدْرَكَ الصَّلاةَ) رواه الدارقطني، کاتێک کە هاتن نوێژتان دابەست و ئیمام لە سوجدەدا بوو، ئێوەش بڕۆنە سوجدە، بەڵام بە هیچی دامەنێن، وە هەر کەسێک لەگەڵ ئیمام گەیشتە ڕوکووعێکی تەواو، ئەوە بۆی بە ڕەکعەتێکی تەواو ئەژمێردرێ.
جا بزانە: ئەگەر ئیمام لە ڕوکووعدا بوو، یان لە تەحیاتی ئاخیردا بوو، هەستی کرد کە یەکێک ئەیەوێ نوێژی لە دوا داببەستێ، ئەوە سوننەتە کە نەختێک چاوەڕوانی بکات.
(ئاگادارییەکی تر): ئەگەر ئیمام لەناو نوێژ هەڵەیەکی کرد، سوننەتە مەئموومی پیاو ئاگاداری بکاتەوە و بڵێ: (سبحان الله). بەڵام مەئموومی ئافرەت چەپڵە لێ ئەدات، واتە: بەرە دەستی ڕاستەی لە پشتە دەستی چەپەی ئەدات.
هەروەها ئەگەر ئیمام خوێندنی فاتیحە، یان سورەتی پاش فاتیحەی لێ تێکچوو، با مەئمووم پێی بڵێتەوە (عن إبن عمر رضي الله عنهما: أن النبي صلى الله عليه وسلم صلى صلاةً فلُبّسَ عليهِ ، فلما انصرفَ قال لأُبيّ بن کعب: أصليتَ معنا ؟ قال : نعم ، قال : فما منعكَ أن تفتح علي؟) رواه إبن حبان، پێغەمبەر ﷺ لە نوێژێکدا قورئانی لێ تێکچوو، جا بە (ئوبەیی) کوڕی (کەعبی) فەرموو: تۆ نوێژت لەگەڵ ئێمەدا کرد؟ گوتی: بەڵێ. فەرمووی: ئەی بۆچی پێت نەگوتمەوە؟.
هەروەها ئەگەر ئیمام بێ دەستنوێژ بوو، یان شتێکی بەسەر هات، با لە نوێژەکەی دەرچێ و یەکێکی تر بچێت لە جیاتی ئەو دەست بە ئیمامەتی بکات، نەوەک جەماعەتەکەی تێک بچێ، لەمەدا جیاوازی جومعە و نوێژەکانی تر نییە، بەڵگەش کردەوەی ئیمامی (عمر)ـە (رضي الله عنه)، لەکاتی برینداربوونیدا (عبدالرحمن بن عوف)ـی لە جێی خۆی دانا و نوێژی بەیانی بە خەڵکەکە تەواو کرد.